ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن، لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن. سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە، ڕاپەڕە و بگە فریام. ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن. بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.» با ڕیسوا و شەرمەزار بن ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن، با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم. با وەک کای بەر بایان لێ بێت، فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت. با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت. لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە، بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم، با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات، با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە، با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە. ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت، بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت. هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن: «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟ تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن، هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.» شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە، پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە. بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە، گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن. بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی، بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە. کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە، وەک ئەوەی دۆست و برام بێت، پرسەدار بووم بۆی، وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە، لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
زەبوورەکان 35 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 35
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 1:35-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان