خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟ بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟ ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە، بە شەویش ئارامیم نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت، لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت. باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست، پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن. هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن، پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون. بەڵام من سەگم نەک مرۆڤ، مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک. هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن، توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن: «پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات. با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە.» بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام، کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم. من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم، لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی. لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و کەس نییە یارمەتیم بدات. گای زۆر دەوریان داوم، گایە بەهێزەکانی باشان ئابڵوقەیان داوم. وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ، ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە. وەک ئاو ڕژام، هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە. دڵم بووە بە مۆم، لە ناخمدا تواوەتەوە. هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە، زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە، منت خستە ناو خاکی مەرگ. سەگ دەوریان داوم، تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم، دەست و پێیان کون کردووم. هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم، ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە. جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن، تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن. بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە، ئەی هێزی من، زوو بگە فریام. ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە، ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ. لە دەمی شێر ڕزگارم بکە، لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە.
زەبوورەکان 22 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 22
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 1:22-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان