چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم. هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە. لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە. یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی. لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت. ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت، خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە. پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت. مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە. قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت، هاوکاریت گەورەم دەکات. جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت. دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە. وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن. کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن. دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد. هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو. وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن. لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم، تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان، گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن. هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن، بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن. بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە. یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە! خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم، لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم. لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم. سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.
زەبوورەکان 18 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 18
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 21:18-50
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان