لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:139-12

زەبوورەکان 1:139-12 KSS

ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و منت ناسی. هەستان و دانیشتنی منت زانیوە، لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی. ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە، شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت. ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت، تۆ بە تەواوی دەیزانی. لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم، دەستت دەخەیتە سەرم. ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە، لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم. بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟ بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟ ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی، ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی. ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم، ئەگەر لەوپەڕی دەریا نیشتەجێ بم، لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات، دەستی ڕاستت بە خۆیەوە دەمگرێت. ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت، ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،» ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت، شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت، تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.