لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 89:119-104

زەبوورەکان 89:119-104 KSS

ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە. دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت. ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن. ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە. من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم. بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە. چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە. بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە. لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە. لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم. لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم. بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم. لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.