ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم. بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە. لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە. خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت. گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت. من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن. ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت. هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە. بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم. تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من. چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم. فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من. دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم. ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە. ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم. با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت. با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من. با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت. با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن. با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم. گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە. چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟» هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە. خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟ لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە! هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە! خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم. بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم. ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە. دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت. ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن. ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە. من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم. بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە. چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە. بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە. لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە. لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم. لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم. بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم. لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام. سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە. هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم. بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم. یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن. دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
زەبوورەکان 119 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 119
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 57:119-112
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان