لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 49:119-72

زەبوورەکان 49:119-72 KSS

پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە. لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە. لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە. ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە. لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە. فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم. ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم. ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد. ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم. بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە. لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە. خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت. گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت. من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن. ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت. هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە. بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم. تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من. چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم. فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.