ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت، ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت، جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات، چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە. وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە، چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە. بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم، هەتاهەتایە و هەتاسەر. بە ئازادی دەڕۆم، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم، شەرمەزاریش نابم. خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم، چونکە حەزم لێیانە. دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت، سەرنج دەدەمە فەرزەکانت. پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت، چونکە هیوات پێم داوە. لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە: بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە. لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن، بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە. ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد، دڵنەواییم هاتەوە. لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا، ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە. فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم، لە ماڵی ئاوارەییم. ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم. ئەم نەریتە بۆ من بوو: ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد. ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی، بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم. بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم، بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە. لە ڕێگای خۆم ڕامام، پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە. خێرا بووم و دوا نەکەوتم لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت. گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت. من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن، لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن. ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت. هەستی باش و زانینم فێر بکە، چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە. بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم، بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم. تۆ چاکیت و چاکەکاری، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن، بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. دڵیان وەک پیو بێ هەستە، بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من. چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم، بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم. فێرکردنی دەمی تۆ لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من. دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم، تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم. ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن، چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە. ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە، بە دڵسۆزی زەلیلت کردم. با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت، بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت. با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم، چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من. با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم، بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت. با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من، ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن. با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت، بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.
زەبوورەکان 119 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 119
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 41:119-80
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان