لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 129:119-160

زەبوورەکان 129:119-160 KSS

یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات. ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان. دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم. ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت. هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت. لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم. ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت. ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت، حوکمەکانت ڕاستن. ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و بە تەواوی جێی متمانەن. دڵگەرمیم سووتاندمی، چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە. بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە، خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی. من بچووک و ڕیسوام، بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم. ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و فێرکردنت ڕاستە. تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن. یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن، تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم. پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم. هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم. پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە. بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە. بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە. بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن. لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە. سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە. ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن. ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە. ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون. ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە. هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.