هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە. لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم. دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە، ڕادەستی زۆردارم مەکە. بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت، با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن. چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت، بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت. بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە، بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم. ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە، چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە. لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو، هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم، ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. یاساکانت سەرسوڕهێنەرە، بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات. ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت، تێگەیشتنیش بە نەزانەکان. دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە، چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم. ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت. هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە، مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت. لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم. ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە، فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت، چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت. ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت، حوکمەکانت ڕاستن. ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و بە تەواوی جێی متمانەن. دڵگەرمیم سووتاندمی، چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە. بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە، خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی. من بچووک و ڕیسوام، بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم. ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و فێرکردنت ڕاستە. تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە، بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن. یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن، تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم. پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم. هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم. پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە. بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە. بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە. بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن. لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە. سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە. ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن. ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە. ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون. ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە. هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.
زەبوورەکان 119 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 119
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 119:119-160
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان