خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە، ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن. خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن، بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن. هەروەها خراپە ناکەن و بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن. تۆ ڕێنماییەکانت داوە، بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن. خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت! ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم، کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت. بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم، کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. فەرزەکانت بەجێدەهێنم، هەرگیز وازم لێ مەهێنە. گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟ بە پاراستنی وشەکانت. بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم، مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم. وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە، تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم. ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ! فێری فەرزەکانی خۆتم بکە. بە لێوەکانی خۆم، باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم. بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم، وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە. لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە، چاو دەبڕمە ڕێگاکانت. بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم، وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت. چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە، تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم. چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم، کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت. من نامۆم لە زەوی، ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە. گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک. سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد، کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون. ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە، چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە. هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن، بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە. یاساکانت شادمانی منن، ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.
زەبوورەکان 119 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 119
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 1:119-24
Save verses, read offline, watch teaching clips, and more!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان