لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 24:106-48

زەبوورەکان 24:106-48 KSS

خاکی خۆشییان بە سووک زانی، باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد. لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ، گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت. ئەویش سوێندی بۆ خواردن، کە لە بیابان بە مردوویی بکەون، نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و لە خاکەکان پەرتیان بکات. پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە، ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون. بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد، دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە. بەڵام فینەحاس هەستا و کەوتە نێوانەوە و دەرد ڕاگیرا. بە ڕاستودروستی بۆی دانرا، نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە. لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی، چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون، قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو. گەلەکانیان لەناونەبرد، وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون، فێری نەریتەکانیان بوون. بتەکانی ئەوانیان پەرست و بوو بە داو بۆیان. کوڕ و کچانی خۆیان بۆ بتەکان سەربڕی. خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت، خوێنی کوڕ و کچەکانیان، ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین، زەوی پیس بوو بە خوێن. گڵاو بوون بە کردەوەکانیان، داوێنپیس بوون بە کارەکانیان. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا، قێزی لە میراتەکەی بووەوە. ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن، ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون، دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، زەلیلی ژێر دەستیان بوون. زۆر جار دەربازی کردن، بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون، داڕووخان بە گوناهەکانیان. بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە، کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو. لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد، بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە. وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن، سکیان پێیان بسووتێت. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین. ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.