با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە، بە ملتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە. ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت لەلای خودا و خەڵک. پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە. لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە، ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات. لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە، لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە. دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و خۆراک بۆ ئێسقانەکانت. بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە، بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت. ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری، قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ. ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت. خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ. لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند. ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە، ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، دەبنە ژیان بۆ تۆ، ملوانکە بۆ جوانی گەردنت. ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و ساتمە ناکەیت و ناکەویت. کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت، ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت. نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت، چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.
پەندەکانی سلێمان 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە پەندەکانی سلێمان 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: پەندەکانی سلێمان 3:3-26
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان