لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەندەکانی سلێمان 17:23-35

پەندەکانی سلێمان 17:23-35 KSS

دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات، بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی. بێگومان دواڕۆژت دەبێت، ئومێدی تۆ نابڕێت. ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانا بە، دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە. لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە، یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن، چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن، ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات. گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە، دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە. ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە، هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن. باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت، ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت. با دایک و باوکت شادمان بن، ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت. ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ، با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت، چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە. تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت، ناپاک لەنێو خەڵک زۆر دەکات. واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟ ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟ برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟ بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن، ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە. تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری، کە لەناو جام پڕشنگی داوە، بە سووکی دەچێتە خوارەوە! لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و وەک توولەمار پێتەوەدەدات. چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت. وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت، یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت. دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو! کوتامیان، نەمزانی! کەی بە هۆش خۆم دێمەوە، هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان