لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەندەکانی سلێمان 19:14-35

پەندەکانی سلێمان 19:14-35 KSS

بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە، خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست. هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە. ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات، بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە. ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟ بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن. لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە، بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە. دەوڵەمەندی تاجی دانایانە، بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە. شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە، بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە. ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە، بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا. لەخواترسی کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن. زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا، بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە. ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات، بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات. دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات. ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت. خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە. دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە، هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت. ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە، بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە. ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە، بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان