هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە دەچنە ناو خاکی کەنعانەوە، ئەمە ئەو خاکەیە کە دەبێتە میراتتان، خاکی کەنعان بە سنوورەکانییەوە: «”لەلای باشووری ئێوە لە چۆڵەوانی چنەوە لەلای ئەدۆم دەبێت، سنووری باشوورتان لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەریای مردووەوە دەستپێدەکات. هەروەها سنوورەکە لە باشووری هەورازی دووپشکەوە بۆتان دەسووڕێتەوە و بەردەوام دەبێت هەتا چن و لە باشووری قادێش بەرنێعەوە هەتا حەچەر ئەدار دەچێت و تێدەپەڕێت بۆ عەچمۆن، لە عەچمۆنیش دەسووڕێتەوە و دەگاتە دۆڵی میسر، کۆتاییەکەی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت. بەڵام سنووری ڕۆژئاوا، ئەوا دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت. ئەمەیە سنووری ڕۆژئاواتان. بۆ دیاریکردنی سنووری باکوورتان، هێڵێک بکێشن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەتا کێوی هۆر، هەروەها لە کێوی هۆرەوە هەتا دەروازەی حەمات. پاشان سنوورەکە دەچێت بۆ چەداد، بەردەوام دەبێت بۆ زیفرۆن و کۆتاییەکەی لە حەچەر عێینان دەبێت. ئەمە دەبێتە سنووری باکوورتان. هەروەها سنوور بۆ خۆتان دەکێشن بۆ ڕۆژهەڵات، لە حەچەر عێینانەوە هەتا شەفام. لە شەفامەوە بەرەو خوارەوە دەچێت هەتا ڕیڤلە لە ڕۆژهەڵاتی عەین. ئینجا سنوورەکە بەرەو خوارەوە دەچێت لە بناری کێوەکانی دەریاچەی جەلیل دەدات بەلای ڕۆژهەڵاتدا، پاشان سنوورەکە بە درێژایی کەناری ڕووباری ئوردون بەرەو خوارەوە دەچێت و کۆتاییەکەی لەلای دەریای مردوو دەبێت. «”ئەم خاکە بە سنوورەکانی و چواردەوریشییەوە بۆ ئێوە دەبێت.“» موساش فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە تیروپشک میراتگری دەکەن، کە یەزدان فەرمانی دا بە نۆ هۆز و نیوەکە بدرێت، چونکە هۆزی نەوەی ڕەئوبێن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و هۆزی نەوەی گاد بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و نیوەی هۆزی مەنەشە میراتی خۆیان وەرگرت. دوو هۆز و نیوەکە میراتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگرت.»
سەرژمێری 34 بخوێنەوە
گوێگرتن لە سەرژمێری 34
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: سەرژمێری 1:34-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان