هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تۆ و ئەلعازاری کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی کۆمەڵ تاڵانە ڕاپێچکراوەکە لە خەڵک و لە ئاژەڵ بژمێرن. تاڵانییەکە بە یەکسانی دابەش بکە لەنێوان ئەو سەربازانەی کە لە جەنگ بەشداریان کرد و هەروەها هەموو کۆمەڵ. بەشی یەزدانیش دەربهێنە لە بەشی ئەوانەی بەشدارییان لە جەنگ کردووە، یەک لە پێنج سەدی خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ. لە نیوەکەی ئەوان وەریدەگرن و دەیدەنە ئەلعازاری کاهین، بەخشینی بەرزکراوەیە بۆ یەزدان. لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیلیش یەک لە پەنجا لە خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ و مەڕ یان لە هەر ئاژەڵێکی دیکە دەبەیت و دەیدەیتە لێڤییەکان کە بەرپرسیارن لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان.» جا موسا و ئەلعازاری کاهین وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد. کۆی تاڵانییەکەش کە دەستکەوتی پیاوانی سوپاکە بوو، شەش سەد و حەفتا و پێنج هەزار مەڕ و حەفتا و دوو هەزار مانگا و شەست و یەک هەزار گوێدرێژ بوون، لە مرۆڤیش لەو ئافرەتانەی کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو سی و دوو هەزار کەس بوون. جا نیوەکەی کە بەشی ئەوانە بوو بۆ جەنگ چووبوون: سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، بەشی یەزدانیش لە مەڕەکان شەش سەد و حەفتا و پێنج بوو، مانگاکانیش سی و شەش هەزار بوو و بەشی یەزدانیش حەفتا و دوو بوو، گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، بەشی یەزدانیش شەست و یەک بوو. مرۆڤیش شازدە هەزار بوو، بەشی یەزدانیش سی و دوو بوو. جا بەشەکە کە بەخشینی بەرزکراوە بوو بۆ یەزدان، موسا دایە ئەلعازاری کاهین، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
سەرژمێری 31 بخوێنەوە
گوێگرتن لە سەرژمێری 31
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: سەرژمێری 25:31-41
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان