لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەرژمێری 1:16-35

سەرژمێری 1:16-35 KSS

قۆرەحی کوڕی یەسهار کوڕی قەهات کوڕی لێڤی و داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب و ئۆنی کوڕی پەلەت لە نەوەی ڕەئوبێن لە دژی موسا هەستانەوە. چەند کەسێکیش لە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵیان بوون، دوو سەد و پەنجا کەس لە ڕابەرەکانی کۆمەڵ لە ئەنجومەن هەڵبژێردرابوون، کە زۆر ناسراو بوون، جا لەسەر موسا و هارون کۆبوونەوە و پێیان گوتن: «ئێوە زیادەڕۆییتان کردووە! هەموو کۆمەڵ پیرۆزن و یەزدانیش لەنێوانیاندایە، ئیتر بۆچی خۆتان لەسەر کۆمەڵی یەزدان بەرز دەکەنەوە؟» جا موسا گوێی لێبوو و بەسەر ڕوودا کەوت. ئینجا بە قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «بەیانی یەزدان پیشانی دەدات کێ بۆ ئەوە و کێ پیرۆزە تاکو لە خۆی نزیکی بکاتەوە، جا هەرکەسێک هەڵبژێرێت ئەو لە خۆی نزیک دەکاتەوە. ئەمە بکەن، بخووردان بۆ خۆتان ببەن، قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی، بەیانی ئاگری لەناو دابنێن و لەبەردەم یەزدان بخووری بەسەردا بکەن، جا ئەو پیاوەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت ئەو پیرۆزە، ئیتر ئەی نەوەی لێڤی ئەمەتان بەس بێت!» هەروەها موسا بە قۆرەحی گوت: «ئەی نەوەی لێڤی گوێ بگرن، ئایا بە کەمی دەزانن کە خودای ئیسرائیل لەنێو کۆمەڵی ئیسرائیل جیای کردنەوە بۆ ئەوەی لە خۆی نزیکتان بکاتەوە، تاکو خزمەتی چادری پەرستنی یەزدان بکەن و لەبەردەم کۆمەڵ بوەستن بۆ خزمەتکردنی؟ جا تۆ و هەموو براکانت لە نەوەی لێڤی لە خۆی نزیک کردەوە و داوای کاهینیێتیش دەکەن؟ کەواتە تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەسەر دژایەتیکردنی یەزدان ڕێک کەوتوون، بەڵام هارون کێیە هەتا بۆڵەبۆڵی لەسەر بکەن؟» جا موسا ناردی هەتا بانگی داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب بکەن، بەڵام ئەوان گوتیان: «نایەین! ئایا ئەمە بەس نییە کە تۆ لە خاکێک دەرتهێناین کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت هەتا لە چۆڵەوانی بمانمرێنیت و ئێستاش خۆت بکەیت بە میر بەسەرمانەوە، هەروەها ئێمەت نەهێناوەتە خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت و کێڵگە و ڕەزت بە میرات پێنەداین. ئایا چاوی ئەو کەسانە دەردەهێنیت؟ ئێمە نایەین!» جا موسا زۆر تووڕە بوو و بە یەزدانی گوت: «ئاوڕ لە قوربانییەکەیان مەدەوە. نە گوێدرێژێکم لێ بردوون و نە خراپەم لەگەڵ کەسیان کردووە.» ئینجا موسا بە قۆرەحی گوت: «بەیانی تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەبەردەم یەزدان بن، تۆ و ئەوان و هارونیش. هەریەکە بخووردانەکەی ببات و بخووری تێبکات و لەبەردەم یەزدان بخووردانەکەی پێشکەش بکات، دوو سەد و پەنجا بخووردان، تۆ و هارونیش هەریەکە و بخووردانی خۆتان.» جا هەریەکە بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێکرد و بخووریان بەسەردا کرد و لەگەڵ موسا و هارون لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان. قۆرەحیش هەموو کۆمەڵی لە دژی ئەوان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆکردەوە، جا شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو کۆمەڵ دەرکەوت. ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.» بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟» جا یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“» موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن، ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.» ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوورکەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان. ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی بۆ ئەوەی ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە. ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە. بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.» کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان. جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون. هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن و گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!» ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ سەرژمێری 16:1-35 شێوەکاری؟؟؟