لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەرژمێری 22:15-41

سەرژمێری 22:15-41 KSS

«”ئەگەر بەبێ ئەنقەست هەموو ئەم فەرمانانەتان بەجێنەهێنا کە یەزدان بە موسای سپارد، هەموو ئەوەی یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردوون، لەو ڕۆژەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردووە و بەردەوام نەوە دوای نەوە، ئەگەر بەبێ ئەنقەست و بێ بوونی زانیاری کۆمەڵ ئەمە ئەنجام درا، ئەوا بەپێی فەرزەکان هەموو کۆمەڵ جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو دەکەنە قوربانی سووتاندن، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، لەگەڵ گیسکێکی نێرینە وەک قوربانی گوناه. جا کاهین کەفارەت بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت، چونکە بەبێ ئەنقەست بووە. جا ئەگەر قوربانییەکەیان وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان هێنا و قوربانییەکەی گوناهیان بۆ بەردەم یەزدان هێنا لەبەر بێئاگاییەکەیان، ئەوا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، چونکە هەموو گەل بەبێ ئەنقەست تێوەگلاون. «”ئەگەر یەک کەس بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، ئەوا بزنێکی یەک ساڵە پێشکەش دەکات وەک قوربانی گوناه. کاهین لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە بێئاگا بوو کاتێک گوناهی بەبێ ئەنقەست کرد، کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. بۆ هاوڵاتی لە نەوەی ئیسرائیل و بۆ ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت، یەک یاسا دەبێت بۆ ئەوەی بەبێ ئەنقەست گوناهی کردبێت. «”بەڵام ئەو کەسەی هاوڵاتی بێت یان نامۆ بە دەستی ئەنقەست گوناه بکات، ئەو کەسە کفری بەرامبەر بە یەزدان کردووە، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی دادەبڕدرێت، چونکە سووکایەتی بە فەرمایشتی یەزدان کردووە و فەرمانی ئەوی شکاندووە، بێگومان ئەو کەسە دادەبڕدرێت و ئۆباڵی خۆی لە ملی خۆی.“» کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی بوون پیاوێکیان بینی لە ڕۆژی شەممەدا داری کۆدەکردەوە، جا ئەوانەی بینییان دار کۆدەکاتەوە بردیانە بەردەم موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ. ئینجا لە بەندیخانەیان دانا، چونکە ئاشکرا نەبوو بوو چی لێ دەکرێت. جا یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەو پیاوە دەبێت بکوژرێت، لە دەرەوەی ئۆردوگا هەموو کۆمەڵ بەردبارانی دەکەن.» جا هەموو کۆمەڵ بردیانە دەرەوەی ئۆردوگا و بەردبارانیان کرد و مرد، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”با گوڵنگ لە لچکی جلەکانتان دروستبکەن، نەوە دوای نەوە و لەسەر لچکەکانی خوارەوە گوڵنگی مۆر دابنێن. کاتێک ئەم گوڵنگانە دەبینن هەموو فەرمانەکانی یەزدانتان بەبیر دێتەوە و جێبەجێی دەکەن و بەدوای ئارەزووی دڵ و چاوتان ناکەون هەتا بەدوایاندا بەدڕەوشتی بکەن، هەتا بەبیرتان بێتەوە و هەموو فەرمانەکانی یەزدان جێبەجێ بکەن و بۆ خوداتان پیرۆز بن. من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا ببێت بە خوداتان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»