یەزدانیش فەرمووی: «لەسەر داواکەت لێیان خۆشبووم. بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە، تەنها یەکێکیش لەو پیاوانەی شکۆمەندی من و ئەو نیشانانەی بینیبێت کە لە میسر و لە چۆڵەوانی کردم و هەتا ئێستا دە جار تاقییان کردمەوە و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، تەنها یەکێکیش لەوانە ئەو خاکە نابینێت کە سوێندم بۆ باوکانیان خوارد. هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ کردووم نایبینن. بەڵام کالێبی بەندەم لەبەر ئەوەی ڕۆحێکی دیکەی لەگەڵدا بوو و بە تەواوی دوام کەوت، ئەوا دەیبەمە ناو ئەو خاکەی بۆی چوو و دەبێتە میرات بۆ نەوەکەی. لەبەر ئەوەی عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لە دۆڵ نیشتەجێن، ئێوە بەیانی لە ڕێگای دەریای سوورەوە بڕۆن و بەرەو چۆڵەوانی بەڕێ بکەون.» هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «هەتا کەی ئەم کۆمەڵە بەدکارە بۆڵەبۆڵەکەرە لە دژم دەوەستن؟ من گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو کە لەسەر من دەیکەن. پێیان بڵێ: ”یەزدان دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، وەک ئەوەی کە لە ئێوەوە گوێم لێ بوو، ئاواتان لێدەکەم. لەم چۆڵەوانییە لاشەکانتان دەکەوێت، هەموو تۆمارکراوەکانتان بەگوێرەی سەرژمێریتان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە لەوانەی بۆڵەبۆڵیان لە دژم کرد، ناچنە ناو ئەو خاکەی کە سوێندم خوارد تێیدا نیشتەجێتان بکەم، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت. بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە نێچیر، ئەوا من دەیانبەمە ناوی و شارەزای ئەو خاکە دەبن کە ئێوە ڕەتتان کردەوە. جا لاشەکانی ئێوە لەم چۆڵەوانییە دەکەوێت. منداڵەکانیشتان بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی دەبنە شوان و ئازار دەچێژن بۆ بێوەفاییتان هەتا دواهەمین لاشەکانتان لە چۆڵەوانیدا کۆتایی پێدێت. وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی سیخوڕی خاکەکەتان کرد کە چل ڕۆژ بوو، بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک، چل ساڵ گوناهەکانتان هەڵدەگرن و تێدەگەن دژایەتیکردنی من چۆنە.“ من یەزدانم و فەرمانم کرد، دەبێت ئاوا لە هەموو ئەم کۆمەڵە بەدکارە ڕێککەوتووەی لە دژی خۆم بکەم، لەم چۆڵەوانییە لەناودەچن و دەمرن.» بەڵام ئەو پیاوانەی موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە، هاتنەوە و هەموو کۆمەڵیان لێ هاندا بەوەی هەواڵی خراپیان لەسەر خاکەکە بڵاوکردەوە، ئەو پیاوانە لەبەردەم یەزدان بە دەرد مردن، لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی خراپ لەسەر خاکەکە. بەڵام یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونە لەو پیاوانە بوون کە بۆ سیخوڕی خاکەکە چووبوون و ژیان. کاتێک موسا باسی ئەم قسانەی بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل کرد، گەل دەستیان بە شیوەن کرد. ئینجا بەیانی زوو هەستان و چوونە سەرەوە بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە دەچینە ئەو شوێنەی یەزدان بەڵێنی داوە، چونکە ئێمە گوناهمان کرد.» موساش گوتی: «بۆچی لە فەرمانی یەزدان دەردەچن، ئەمە سەر ناگرێت! مەڕۆن، چونکە یەزدان لەنێوتاندا نییە، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن، چونکە عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لەوێن، لەپێشتانن و بە شمشێر دەکوژرێن، ئێوە لە یەزدان هەڵگەڕانەوە و یەزدان لەگەڵتاندا نابێت.» بەڵام ئەوان خۆیان هەڵکێشا و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە سەرکەوتن، نە سندوقی پەیمانی یەزدان و نە موساش لە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە دەرنەچوون. جا عەمالێقییەکان و کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە هاتنە خوارەوە و هەتا حۆرما لێیاندان و تێکیان شکاندن.
سەرژمێری 14 بخوێنەوە
گوێگرتن لە سەرژمێری 14
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: سەرژمێری 20:14-45
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان