لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 1:6-13

نەحەمیا 1:6-13 KSS

ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو، سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.» ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن. منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟» جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە. پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو، تێیدا نووسرابوو: «لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان، چەند پێغەمبەرێکیشت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.» منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کام لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.» هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.» بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.» ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لە ناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.» منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!» بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو. بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و خۆم بشارمەوە و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان