هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە. هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.» هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.» هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا. ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و منداڵەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان بوونەتە کۆیلە و ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نییە، چونکە کێڵگە و ڕەزەکانمان هی کەسانی دیکەن.» زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو، لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ خانەدان و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە ناجولەکەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە. گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە ناجولەکانەی کە دوژمنمانن گاڵتەمان پێ نەکەن؟ من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین! هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.» ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.» ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، خانەدان و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن. پاشان پشتێنەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد. هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم ئەو نانەمان نەخوارد کە بەشی پارێزگارە. بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو، ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، چل شاقل زیویان لێ دەسەندن، بێجگە لە نان و شەراب، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد، هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.
نەحەمیا 5 بخوێنەوە
گوێگرتن لە نەحەمیا 5
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: نەحەمیا 1:5-16
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان