لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 11:2-20

نەحەمیا 11:2-20 KSS

دوای ئەوەی کە چوومە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە، بە شەو هەستام و لەگەڵ چەند پیاوێک بەڕێ کەوتم، بە کەسیشم ڕانەگەیاند کە خوداکەم چی خستووەتە دڵمەوە هەتا لە ئۆرشەلیم بیکەم، بێجگە لەو وڵاخەی سواری ببووم هیچ وڵاخێکی دیکەم لەگەڵ نەبوو. بە شەو لە دەروازەی دۆڵەکە بە بەردەم بیری چەقەڵدا چوومە دەرەوە بۆ لای دەروازەی زبڵ و سەرنجم دایە شووراکانی ئۆرشەلیم کە ڕووخابوون و دەروازەکانی کە سووتابوون. پاشان پەڕیمەوە بۆ دەروازەی کارێز و بۆ گۆمی پاشا، بەڵام جێگا نەبوو بۆ پەڕینەوەی ئەو وڵاخەی لە ژێرم بوو. بە شەو بە دۆڵەکەدا ڕۆیشتم و سەرنجم دایە شووراکە. لە کۆتاییدا گەڕامەوە و بە دەروازەی دۆڵەکەدا هاتمە ژوورەوە. کاربەدەستەکان نەیانزانی بۆ کوێ چووم و چیم کرد، هەتا ئەو کاتەش بە کەسم ڕانەگەیاندبوو، جولەکە و کاهین و خانەدان و کاربەدەستەکان و ئەو کەسانەی دیکەش کە دەبێت کارەکە بکەن. ئینجا پێم گوتن: «ئێوە ئەو ناخۆشییە دەبینن کە ئێمە تێیداین، کە ئۆرشەلیم کاولە و دەروازەکانی سووتێنراون. وەرن با شوورای ئۆرشەلیم بنیاد بنێینەوە و چیتر نەبینە مایەی ڕیسوایی.» لەبارەی دەستی چاکەی خوداش کە لەسەرم بوو پێم ڕاگەیاندن، هەروەها قسەکانی پاشا کە پێی گوتبووم. ئەوانیش گوتیان: «با هەستین و بنیادی بنێینەوە.» بازوویان لێ هەڵکرد بۆ چاکە. بەڵام کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی و گەشەمی عەرەبی ئەمەیان بیستەوە گاڵتە و سووکایەتییان پێکردین و گوتیان: «ئەمە چییە ئێوە دەیکەن؟ ئایا لە پاشا هەڵدەگەڕێنەوە؟» منیش وەڵامم دانەوە و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سەرکەوتوومان دەکات و ئێمەش خزمەتکاری ئەوین، هەڵدەستین و بنیادی دەنێینەوە، بەڵام ئێوە هیچ بەش و ماف و ناوێکتان لە ئۆرشەلیم نییە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان