لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 1:2-10

نەحەمیا 1:2-10 KSS

ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم، لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.» من زۆر ترسام، بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟» پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟» منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.» شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد. دوای ئەوە بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا، هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات کە بیکەمە کاریتە بۆ دەروازەکانی قەڵا کە لە تەنیشت پەرستگاکەیە، هەروەها بۆ شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا داواکارییەکانی جێبەجێ کردم، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو. ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو. کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان