لە کاتی تەرخانکردنی شوورای ئۆرشەلیم، داوای لێڤییەکانیان کرد لە هەموو شوێنەکانیانەوە بێنە ئۆرشەلیم بۆ گێڕانی ئاهەنگی تەرخانکردن بە خۆشی و گۆرانی سوپاسگوزاری، گۆرانی بە سەنج و قیسارە و سازەوە. هەروەها گۆرانیبێژەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری ئۆرشەلیم کۆکرانەوە، لە گوندەکانی نەتۆفیەكان، لە بێتگلگال و کێڵگەکانی گەڤەع و عەزماڤێتەوە، چونکە گۆرانیبێژەکان لە چواردەوری ئۆرشەلیم گوندیان بنیاد نابوو. کاهین و لێڤییەکان بەپێی ڕێوڕەسم خۆیان پاککردەوە، ئینجا گەل و دەروازەکان و شووراکەشیان پاککردەوە. ڕابەرەکانی یەهودام سەرخستە سەر شووراکە و دوو تیپی گەورەی سوپاسگوزارانم ڕاگرت، یەکێکیان لەسەر دیوارەکە بەرەو دەروازەی زبڵ بەلای ڕاستدا ڕۆیشت، هۆشەعیا و نیوەی ڕابەرەکانی یەهودا بەدوایدا ڕۆیشتن، لەگەڵ عەزەریا، عەزرا، مەشولام، یەهودا، بنیامین، شەمەعیا و یەرمیا. لە نەوەی کاهینەکانیش بە کەڕەناوە، زەکەریای کوڕی یۆناتان کوڕی شەمەعیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میخایو کوڕی زەکور کوڕی ئاساف. یاریدەرەکانیشیان، ئەوانەی کە بۆ ستایشکردن بوون، شەمەعیا، عەزەرئێل، میلەلەی، گیلەلەی، ماعەی، نەتەنێل و یەهودا و حەنانی، بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پیاوی خوداوە، عەزرای مامۆستای تەوراتیش لەپێشیانەوە بوو. لەلای دەروازەی کارێز ڕاستەوخۆ لە پێپلیکانەکانی شاری داود بە هەورازەکەی شووراکە سەرکەوتن، لەولاوەی کۆشکی داودیش تێپەڕین هەتا دەروازەی ئاو ڕووەو ڕۆژهەڵات. تیپی دووەمی سوپاسگوزارانیش بۆ بەرامبەریان ڕۆیشتن، منیش لە دوایانەوە بووم، نیوەی گەلیش لەسەر شووراکە بوون، لەلای قوللەی تەنوورەکانەوە هەتا شوورا پانەکە، لەسەر دەروازەی ئەفرایم، دەروازەی یەشانا، دەروازەی ماسی، قوللەی حەنەنێل و قوللەی سەد، هەتا دەروازەی مەڕ. لەلای دەروازەی زیندان ڕاوەستان. پاشان هەردوو تیپە سوپاسگوزارەکە لەلای ماڵی خودا ڕاوەستان، نیوەی کاربەدەستەکانیشم لەگەڵ بوو، هەروەها کاهینەکانیش، ئەلیاقیم، مەعسێیاهو، مینیامین، میخایو، ئەلیۆعێنەی، زەکەریا، حەنەنیا، بە کەڕەناوە، هەروەها مەعسێیاهو و شەمەعیا و ئەلعازار و عوزی و یەهۆحانان و مەلکیا و ئیلام و عێزەر، گۆرانیبێژەکانیش بە سەرپەرشتی یەزرەحیا بە دەنگی بەرز گۆرانییان دەگوت. لەو ڕۆژەدا قوربانی زۆریان سەربڕی و دڵیان خۆش بوو کە خودا بە دڵخۆشییەکی گەورە دڵی خۆش کردبوون، هەروەها ژن و منداڵەکانیش دڵخۆش بوون. دەنگی دڵخۆشیی ئۆرشەلیم لە دوورەوە دەبیسترا. لەو ڕۆژەدا خەڵکانێک وەک سەرپەرشتیاری ژوورەکانی ئەمبارەکان دانران، بۆ دیاری و یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان، هەتا بەپێی تەورات لە کێڵگەی شارۆچکەکانەوە بۆ کاهین و لێڤییەکان بەشەکانیان تێدا کۆبکەنەوە، چونکە گەلی یەهودا دڵخۆش بوو بە کاهین و لێڤییەکان کە ڕاوەستابوون. ئەرکی خزمەتی خودای خۆیان و ئەرکی پاککردنەوەیان ئەنجام دا، هەروەها گۆرانیبێژەکان و دەرگاوانەکانیش، بەگوێرەی فەرمانی داود و سلێمانی کوڕی، چونکە لە دێرزەمانەوە، لە سەردەمی داود و ئاسافەوە، سەرپەرشتیاری گۆرانیبێژان و گۆرانی ستایش و سوپاسگوزاری خودا هەبوون. بە هەمان شێوە، لە سەردەمی زروبابل و نەحەمیا، هەموو ئیسرائیل بەشی ڕۆژانەی گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکانیان دەدا، هەروەها بەشی لێڤییەکانی دیکەشیان دەخستە لاوە، لێڤییەکانیش بەشی نەوەی هارونیان دەخستە لاوە.
نەحەمیا 12 بخوێنەوە
گوێگرتن لە نەحەمیا 12
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: نەحەمیا 27:12-47
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان