لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 33:6-56

مەرقۆس 33:6-56 KSS

بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون، هەر بۆیە دەستی کرد بە فێرکردنیان بە زۆر شت. کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.» بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟» ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان و دوو ماسی.» ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. هەموو خواردیان و تێر بوون. پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون. دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێت‌سەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. دوای بەڕێکردنیان، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ. کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لە ناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.» ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و ڕەشەباکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن؛ دڵیان هەر ڕەق بوو. کاتێک عیسا و قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان