عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون. گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن! ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» ئیتر ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، لە شاری خۆی و لەنێوان خزم و کەسوکار و ماڵی خۆی نەبێت.» ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد. دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی بەسەر ڕۆحە پیسەکاندا پێدان. ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن، پێڵاو لە پێ بکەن بەڵام کراسی زیادە لەبەر مەکەن. پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.» ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە. هێرۆدسی پاشا لەم بارەیەوە بیستی، چونکە ناوی عیسا دەنگیدابووەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.» بەڵام هێرۆدس کاتێک بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!» هێرۆدس لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خۆی خواستبووی، ناردبووی و یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، لەبەر ئەوەی یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت. لە کۆتاییدا دەرفەتێک ڕێککەوت. هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی جەلیل سازکرد.
مەرقۆس 6 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەرقۆس 6
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەرقۆس 1:6-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان