لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 10:4-25

مەرقۆس 10:4-25 KSS

کاتێک عیسا بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە، دەربارەی نموونەکە لێیان پرسی. ئەویش پێی فەرموون: «نهێنی شانشینی خودا بە ئێوە دراوە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، بۆ ئەوەی «﴿بە سەیرکردن سەیر بکەن، بەڵام نەبینن، بە بیستن ببیستن، بەڵام تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و ببەخشرێن!﴾» ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە نموونەکانی دیکە تێدەگەن؟ جوتیارەکە پەیامی خودا تۆو دەکات. هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کە پەیامەکەیان لێ تۆو دەکرێت، کاتێک دەیبیستن دەستبەجێ شەیتان دێت و ئەو پەیامە دەبات کە تێیاندا تۆوکراوە. ئەوانەی دیکە کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن، چونکە ڕەگیان نییە. دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا تۆوکران، ئەمانە ئەوەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە دێنە ناوەوە و پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی باش تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.» ئینجا پێی فەرموون: «ئایا خەڵکی چرا هەڵدەکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشت یان نوێنەوە؟ باشە لەسەر چرادان داینانێن؟ چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. ئەگەر یەکێک گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.» هەروەها پێی فەرموون: «وردببنەوە لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە و زیاتریشتان دەداتێ، چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان