لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 13:2-28

مەرقۆس 13:2-28 KSS

دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان. لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت. لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون. مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، کاتێک بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟» کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.» کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟» عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن. بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن. «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەبێت. کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە مەشکەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.» لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە. فەریسییەکان پێیان گوت: «بڕوانە، بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟» عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟ لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆکی کاهینان، داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.» ئینجا پێی فەرموون: «شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەک مرۆڤ بۆ شەممە. کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»