لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 9:16-20

مەرقۆس 9:16-20 KSS

دوای ئەوەی عیسا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو. ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ عیسادا بوون و شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان. کاتێک بیستیان عیسا زیندوو بووەتەوە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد. لە دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لە قوتابییەکان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون. جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن. پاشان عیسا بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان. پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن. ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت. ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن، بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.» لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت. ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.]