لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:12-27

مەرقۆس 1:12-27 KSS

عیسا بە نموونە دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ لایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت. «تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ «بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە. «خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە. ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾؟» کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن. کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن. هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و لە کەس سڵ ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟» بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.» هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر.» عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئیتر زۆر پێی سەرسام بوون. سەدوقییەکان، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.» عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا؟ کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان