بۆ بەیانی کە بێتعەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، بەرەو لای چوو بە ئومێدی ئەوەی شتێکی پێوە ببینێ. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو. هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان﴾؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون. کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار. بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت.
مەرقۆس 11 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەرقۆس 11
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەرقۆس 12:11-23
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان