بە ڕێگاوە بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت. فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.» ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن. بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.» کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانی یاقوب و یۆحەنایان بیستەوە، لێیان تووڕە بوون، بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان، چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.» ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» عیسا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستا و هاتە لای عیسا. عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، دەمەوێ ببینم.» عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.
مەرقۆس 10 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەرقۆس 10
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەرقۆس 32:10-52
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان