لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 32:10-40

مەرقۆس 32:10-40 KSS

بە ڕێگاوە بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوتن، عیسا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی دوای دەکەوتن دەترسان. دیسان دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و دەستی کرد بە باسکردنی ئەو شتانەی کە بەسەری دێت. فەرمووی: «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، بڕیاری مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکەن و تفی لێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.» ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن. بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان