لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:8-22

مەتا 1:8-22 KSS

کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن. ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.» کاتێک عیسا چووە ناو کەفەرناحوم، سەرپەلێک هاتە لای، لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.» عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.» سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.» کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای کەوتبوون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا کەسم نەدیوە باوەڕێکی بەهێزی ئاوای هەبێت. پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن. بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە. عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی لەناو جێگادا کەوتووە، تای هەیە. عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان. کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ: ﴿ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و نەخۆشییەکانمانی برد.﴾ کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی بە قوتابییەکانی دا کە بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. مامۆستایەکی تەورات هاتە لای و پێی گوت: «مامۆستا، بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.» عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.» یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.» بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان