لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 12:4-25

مەتا 12:4-25 KSS

کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل. ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی: ﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی ناجولەکەکان، ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾ لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.» دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن. کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن. ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە. لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە. جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.