کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان کرد کە عیسا بکوژن. جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا. ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا حوکمی بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و گوتی: «گوناهم کرد کە ناپاکیم لە مرۆڤێکی بێتاوان کرد.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.» ئەویش زیوەکانی لە پەرستگا فڕێدا و چوو خۆی هەڵواسی. بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.» ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێ کڕی. لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە هەتا ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن. ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: ﴿سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە لەسەری خەمڵێنرا، ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.﴾ عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟» عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.» کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو. لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو. لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو. کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.» بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت. فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.» پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!» ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!» پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!» گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!» ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
مەتا 27 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 27
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 1:27-26
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان