کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: «دەزانن جەژنی پەسخە دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.» ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، پێکەوە تەگبیریان دەکرد بۆ ئەوەی بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.» کاتێک عیسا لە گوندی بێتعەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەستبڵاوییەی بۆ چییە؟ دەکرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و پارەکەی بدرایە بە هەژاران.» عیسا بەمەی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە بێزار دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.» ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ ژمارد. ئیتر لەو کاتەوە یەهوزا بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات.
مەتا 26 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 26
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 1:26-16
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان