لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 3:24-14

مەتا 3:24-14 KSS

کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەروەها نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحەکەم،“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن. «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان