«دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «﴿خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾ «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە. «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. ڕۆژانی نوح چۆن بوو، کاتی هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا مەسیحی خاوەن شکۆتان دێتەوە. بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە. «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارەکانی دیکەی تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە خراپە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ بەو هۆیەوە دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان دەخوات و دەخواتەوە. ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.
مەتا 24 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 24
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 29:24-51
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان