عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. عیسا پێی فەرموون: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.» کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەروەها نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحەکەم،“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن. «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت. «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾ لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە (با خوێنەر تێبگات)، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن، ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر! نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت. «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە. ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێت تەنانەت هەڵبژێردراوانیش چەواشە دەکەن. ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن. «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، یان ”ئەوەتا لە ژوورەوەیە!“ باوەڕ مەکەن، چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە. «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «﴿خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾ «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە.
مەتا 24 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 24
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 1:24-31
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان