لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 23:22-33

مەتا 23:22-33 KSS

لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان کە دەڵێن زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت، بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم هەتا گەیشتە حەوتەم. لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە، چونکە هی هەموویان بووە؟» عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە؟ دەفەرموێ: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.» کاتێک خەڵکەکە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.