عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: «پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن. «دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا خوانم ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“ «بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی. ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن. جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند. «ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون، کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“ ئەو کۆیلانەش چوونە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان. «کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی لەبەر نەکردبوو. پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو. «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکیی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“ «چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»
مەتا 22 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەتا 22
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەتا 1:22-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان