لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 12:21-22

مەتا 12:21-22 KSS

عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾ بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟» عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: «﴿لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە﴾؟» ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە. بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟» عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت. جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»