لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 22:15-37

مەتا 22:15-37 KSS

ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بەهۆی ڕۆحی پیسەوە ئازارێکی زۆری هەیە.» بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.» وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.» بەڵام ژنەکە هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!» وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.» ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.» ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە. ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل بە ڕێکی دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد. ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.» قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟» عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچووک.» ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نان و ماسییەکانی لێ وەرگرتن و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە. هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.