لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 13:14-36

مەتا 13:14-36 KSS

کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە. کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.» ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.» فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە. هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە. ژمارەی ئەوانەی کە نانیان خوارد نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ. دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. لەدوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، سەرکەوتە سەر شاخێک بۆ ئەوەی بە تەنها نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو، بەلەمەکەش مەودایەکی زۆری لە وشکانییەوە بڕیبوو، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو. پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. کاتێک قوتابییەکان بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد. دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.» فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت. بەڵام کاتێک توندی بایەکەی بینی، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!» عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتی و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟» کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، ڕەشەباکە وەستا. ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.» کاتێک پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت. خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.