لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:13-15

مەتا 1:13-15 KSS

هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!» قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟» وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: «چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن، گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن. پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ: ﴿ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن، چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.﴾