لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 38:12-50

مەتا 38:12-50 KSS

ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.» کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە. ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.» لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. کەسێک هات و پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.» ئەویش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟» ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم، چونکە ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام بدات کە لە ئاسمانە، خوشک و برا و دایکمە.»