لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 10:9-27

لۆقا 10:9-27 KSS

نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها چوون بۆ شارۆچکەیەک کە ناوی بێت‌سەیدا بوو. بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە. کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.» پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،» چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون. ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.» جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن. ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن. هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە. کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟» وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.» پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی خودایت.» ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن. هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.» ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت، چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات. چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟ ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە. «بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن.»