لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 5:8-15

لۆقا 5:8-15 KSS

«جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو. هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.» ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!» قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟ ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی «﴿سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.﴾ «ئەمە مەبەستی نموونەکەیە: تۆوەکە پەیامی خودایە. ئەوانەی سەر ڕێگاکە ئەوانەن کە گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و پەیامەکە لە دڵیان دەبات، نەوەک باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت. ئەوانەش کە کەوتنە سەر زەوییە بەردەڵانەکە، ئەوانەن کە پەیامەکە بە خۆشییەوە وەردەگرن کاتێک دەیبیستن، بەڵام ڕەگیان نییە و تاکو ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک تاقی دەکرێنەوە، دەکەون. ئەوانەی کەوتنە ناو دڕکەکان، ئەوانەن کە دەیبیستن، بە خەفەت و سامان و خۆشییەکانی ژیان دەخنکێن، بەرهەمی پێگەیشتوو نادەن. بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە چاکەکە، ئەوانەن کە بە دڵێکی چاک و باشەوە دەبیستن، پەیامەکە لە دڵیاندا دەپارێزن و بە خۆڕاگرییەوە بەرهەم دەدەن.